تۆنی كروسی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید لەكاتی گەیشتنیان بە ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی چەند یاریەكی دۆستانە وەك ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ وەڵامی پرسیاری راگەیاندنەكانی دایەوە.

كروس وتی: یاری كلاسیكۆ گرنگیەكی زۆری هەیە بەتایبەت كە لە پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێدایە، هاوشێوەی یاریەكی دۆستانە نابێت و بە دڵنیاییەوە لە یاریگایەكی نایاب بەڕێوەدەچێت.

وتیشی: ئەنجامدانی چەند یاریەك لە ئەمریكا یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نایاب ئامادەكاری بكەین بۆ وەرزی نوێ و لە رووی توانای جەستەییشەوە سوودێكی زۆری دەبێت بۆمان.

دەشڵێت، گەشتكردن بۆ ئەمریكا هەستێكی تایبەتت پێدەبەخشێت و دەرفەتێكی گەورەیە بۆ هەموو یاریزانێك كە لەو ماوە كورتەدا لەوێ یاریبكات و رووبەڕووی چەند یانەیەكی بەهێز ببێتەوە.

رونیكردەوە كە ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ كارێكی قورسە چونكە هەوڵدەدەیت كە تێبگەیت بە كام شێوە دەتوانیت یارمەتی تیپەكەت بدەیت، دەبێت بە تۆپ و بێ تۆپیش بەردەوامبین لە كاركردن، ئەنجامدانی چوار یاریش سوودێكی زۆری دەبێت.