كریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەكانی هەڵبژاردەی پورتوگالەوە كرد و لە دانیشتنێكیشدا چەند بابەتێكی لەگەڵ رۆژنامەكان باسكرد و بەردەوامبوونی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەكە دوپاتكردەوە.

سەبارەت بە بەشداریكردن لە جامی جیهانی وتی: پاڵنەرەكەم ئەوەیە نەیشنز لیگ ببەمەوە، پێشتر جارێك بردمانەتەوە و هەوڵدەدەین دووبارە بەدەستی بهێننیەوە، هەرگیز بیر لە ئامانجی درێژخایەن ناكەمەوە، هەمیشە ئامانجی كورتخایەنم هەیە.

وتیشی: لە ژیانی یاریزانی تۆپی پێدا ساتی خۆش و ساتی ناخۆش هەیە، كاتێك شتەكان بە باشی دەڕۆن ئەستەمە بەرەوپێشبچێت، لەبەر ئەوەش لە تۆپی پێ و لە ژیانی ئاسایشدا دەبێت بزانین چۆن روبەڕووی ساتەوەختە قورس و ناخۆشەكان دەبینەوە.

دەربارەی یاریزانە لاوەكانیش كریستیانۆ راگەیاند، ئەو وەك برایەكی گەورە وایە بۆ هەندێكیان بۆ بەشێكیشیان وەك باوك وایە، لاوەكان هەمیشە شەرمی لێدەكەن، دوپاتیشیكردەوە هەمیشە یارمەتی ئەو یاریزانانە دەدات پەیوەندی بە هەڵبژاردەی وڵاتەكەوە دەكەن.

كریستیانۆ سەبارەت بە رەخنەكان وتی: ڕەخنە زۆر گەورەیە، چونكە ئەگەر ڕەخنە نەبێت، پێشكەوتن نییە، من ڕاهاتووم بەم دۆخە چونكە هەمیشە وابووە، دەبێت ڕێگای خۆم دروست بكەم، تا دەتوانم پیشەگەر بم، یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بدەم بە گۆڵ و ئەسیست، پابەندبوونیش زۆر گرنگە چونكە تۆپی پێ زۆر زیاترە لە یاریكردنی باش.

باسی لەوەشكرد، ئەگەر بارودۆخی باش بێت و دووربێت لە پێكان حەز دەكات بگات بە 1000 گۆڵ لە ژیانی وەرزشیدا، بەڵام بیر لەو بابەتە ناكاتەوە وەك بابەتێكی تایبەت.