
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە باس لە ئەگەری چوونی كیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی تیپەكەی دەكەن بۆ خولی سعودیە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هەواڵی زۆر لەبارەی ئەگەری چوونی كیڤن دیبرۆین، بۆ خولی سعودی یان ئەمریكی بڵاوبووەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكان دەڵێن "یانەی نەسڕ هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەكە دەستپێكردووە و دەیەوێت ئەستێرە بەلجیكییەكە بباتە ریزەكانی."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی یاریزانەكە دەكەن، پرسیار لە پێپ گواردیۆلا كرا، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "ئەمە بەلای منەوە پرسیارە، پێمخۆشە بمێنێتەوە، بەڵام نازانم، دەستەوارەی پێشكێشكراوە یان نا، نازانم، سعودیە ئەوی دەوێت یان، یان ئەو بەڕاستی دەیەوێت لە مانچێستەر سیتی بمێنێتەوە."
ئەم قسانەی پێپ گواردیۆلا لەبارەی داهاتووی دیبرۆینەوە لەكاتێكدان، گرێبەستی یاریزانەكە لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2025 كۆتاییدێت، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەگەر یاریزانەكە بیەوێت لە یانەكە بڕوات، یانە ئینگلیزییەكە بە كەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەكە نابێت.
كیڤن دیبرۆین، لە ئەستێرە سەرەكییەكانی یانەی مانچێستەر سیتییە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێكانەوە ماوەیەكی زۆر لە یاریگەكان دووركەوتەوە، لەوكاتەوەی گەڕاوەتەوەش بەشێكی یارییەكان لەسەر كورسی یەدەگە.
یانەی نەسڕ و هیلالی سعودی ئەو دوو یانەیەن لەسەر ئاستی سعودیە، ركابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەكە دەكەن، بەشێكی میدیاكان دەڵێن "هەموو ئەگەرەكان كراوەن و دەكرێت داهاتووی كیڤن لە خولی سعودی بێت."