كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پورتوگال لە چاوپێكەوتنێكیدا كە لەگەڵ ریۆ فێردیناند ئەنجایمداوە و لە چەناڵی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاند ریاڵ مەدرید باشترین یانەیە لە مێژووی تۆپی پێدا.

رۆناڵدۆ وتی، هەموو ئەو كەسانە هەڵەن كە وا بیر دەكەنەوە ریاڵ مەدرید بەختی هەیە چونكە ئەوە راست نییە بەڵكو ئەو یانەیە كەسایەتیەكی گەورەی هەیە لە یاریگادا و یاریزانەكانی تا دوایین سات دەجەنگن، جگە لەوەش خۆی بۆ هەموو ساتەكانی ناو یاریگا ئامادە كردووە.

وتیشی، بە دڵنیاییەوە من ریاڵ مەدریدم خۆشدەوێت و یاریكردن لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ باوەڕ پێنەكراوە و جیاوازە لە سەرجەم یاریگاكانی تر، یاریكردن بۆ ئەو یانەیە ئەوپەڕی خۆشحاڵی بووە و خاوەنی سەرۆك و راهێنەرێكی گەورەیە، ئەوەی ئەو یانەیە وەرزی رابردوو ئەنجامیدا سەرسوڕهێنەر بوو.

دوپاتیشیكردەوە كە بەردەوام ئالودەی تۆپی پێ و گۆڵ تۆماركردنە، بە هیچ شێوەیەك هەستی بە فشار نەكردووە كاتێك چووەتە ریاڵ مەدرید چونكە متمانەی تەواوی بەخۆی هەبووە، چەند ساڵێكی نایابی بەڕێكردووە چونكە بووەتە گۆڵكاری مێژوویی ئەو یانەیە و چوار نازناوی چامپیۆنز لیگی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.

كریستیانۆ پێیوایە كیلیان مباپێ دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ براوەی باڵۆن دۆر بێت، هالاند و بێلنیگهامیش بەهەمان شێوە، تۆنی كروسیش دەیتوانی بۆ چەند ساڵێكی تریش بەردەوام بێت بەڵام پێویستە رێزی بڕیارەكەی بگیرێت، لامین یامال یاریزانێكی گەورەیە و توانایەكی زۆری هەیە.