
پێش رووبەڕووبوونەوەی دێربی نێوان ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدرید راهێنەری هەردوو یانە لێدوانی خۆیان لەسەر یارییەكە خستەڕوو.
لە سەرەتادا كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یارییەكەیان زۆر گرنگە و هەمیشە دێربی تایبەت بووە، یاریزانەكانی ئەتلەتیكۆ بەهێزن و یارییەكی پڕ ركابەری دەبێت.
دوپاتیشیكردەوە، ئامانجیان بەدەستهێنانی لا لیگایە و بەرامبەر ئەتلەتیكۆ تەنیا بیر لە بەدەستهێنانی سێ خاڵەكە دەكەنەوە و هیچیتر، لەم وەرزە لە هەندێك یاری بەرامبەر ركابەرە بەهێزەكان بردنەوەیان بەدەست نەهێناوە بەڵام دەبێت لە یاری دێربی براوەبن.
وتیشی: هەندێك كەس پێیان وایە كەمكردنەوەی یەكێك لە هێرشبەرەكان كێشەكان چارەسەر دەكات، بەڵام ئەوە راست نییە و كێشەی ئەوان تەنیا بەرگرییە و دەبێت كوالێتی و هەماهەنگی هاوسەنگ بكەن.
لە بەرامبەردا دیگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیكۆ مەدرید دەڵێت: بیر لە كاردانەوەی ناوبژیوان ناكەمەوە، بەڵكو بیر لە چۆنیەتی یاریكردن دەكەینەوە، هیوادارم یارییەكی نایاب ئەنجام بدەین چونكە ڕووبەڕووی ڕكابەرێكی زۆر ئاستبەرز دەبینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بیردەكەنەوە كە چۆن بتوانن بردنەوە بەدەستبهێنن و كێشە بۆ ریاڵ مەدرید دروستبكەن، دەشزانن كە ریاڵ مەدرید بە بەهێزی دەست بە یارییەكە دەكات.