
چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا دوای بردنەوەكەی بەرامبەر ئیسپانیۆڵ و مسۆگەركردنی نازناوی لا لیگا ئاماژەی بەوەكرد، زیاتر لە 10 مانگ كاریان كردووە و قوربانییان داوە تا بوون بە پاڵەوانی خولەكە.
چاڤی دەڵێت "كارێكی نا ئاسایی بوو بەلای هاندەران و یانەكەمانەوە، ئەوەی گرنگیشە لەسەر ئەم پرۆژەیە بەردەوامبین و لەسەر هەمان ئاڕاستە بڕۆین".
لە بارەی یارییەكەوە، چاڤی باسی لەوەكرد، بە یارییەكی نایاب كۆتاییان بە خولەكە هێنا و لە تایمی یەكەمدا باڵادەستبوون و چوار گۆڵیان تۆماركرد، لە كۆتاییشدا لە دێربیدا نازناوەكەیان بەدەستهێناوە بە چوار هەفتە پێش كۆتایی هاتنی خولەكە و ئێستاش كاتی ئاهەنگێڕانە.
چاڤی باسی لە تێكدانی ئاهەنگەكەیان كرد لەلایەن هاندەرانی ئیسپانیۆڵەوە و دەڵێت "ئاهەنگێڕانێكی ئاسایی بوو، كۆنتڕۆڵكردنی كاردانەوەكانیش قورسە، بە یاریزانەكانم وت ئێستا كاتی ئەوەیە بچنە ژووری جلگۆڕین".
چاڤی لە بارەی ئامادەكاری بۆ وەرزی داهاتوو دووپاتیكردەوە، كاتی پێویستیان بەدەستەوەیە بۆ پلاندانان، لەسەر ئاستی ئەوروپا وەك پێویست نەبوون، هەر بۆیە پێویستە لەسەریان بیر لە باشكردنی تیپەكەیان بكەنەوە بۆ ڕكابەریكردن.