پێش رووبەڕووبوونەوەی بەرشەلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا راهێنەری هەردوو یانە سەرنجەكانی خۆیان خستەڕوو.

لە سەرەتادا هانسی فلێكی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، یارییەكی سەخت دەبێت، ئەتلەتیكۆ یانەیەكی نایابە و باشترین هێڵی بەرگری هەیە و پارەیەكی زۆریان خەرجكردووە.

وتیشی: چاوەڕێ دەكەین و دەبینین بزانین دۆخی یامال چۆنە، پێم وایە دەتوانێت یاری بكات و گەشبینم، بەڵام دەبێت بزانین پزیشكەكان چی دەڵێن، هەموو یاریزانەكانیش لە دۆخی باشدان و ئاستیان بەرزە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی دڵخۆشی دەكات ئەوەیە كە وەك تیمێك كار دەكەن، تەنها یاریزانەكان نین بەڵكو ستاف و هەموو ئەو كەسانەش كە پەیوەندییان بە یانەكەوە هەیە.

لە بەرامبەردا دیگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیۆ مەدرید دەڵێت: یارییەكە دابەشكراوە بەسەر دوو قۆناغ، قۆناغی یەكەم لە دەرەوە و قۆناغی دووەم لە یاریگای خۆمان، دەبێت بە شێوەیەك یاریی بكەین ئازاریان بدەین و كێشەیان بۆ دروستبكەین.

وتیشی: ئێمە باسی هەر یاریزانێكی تیپی بەرامبەر بە تاك ناكەین، بەڵكو باسی ئەوە دەكەین كە یاریزانی گرنگ و یەكلاكەرەوەیان هەیە لە هەموو پێگەكاندا، بە تایبەت تیپەكەیان بە ساتێكی زۆر باشدا تێدەپەڕێت لە هێرشبردندا.

ئەوەشی روونكردەوە، ئازپیلیكوێتا بەرامبەر بەرشەلۆنە یاریی ناكات، لەگەڵ لینگلێتیش قسە دەكات تا بزانێت دەتوانێت بەشداری بكات یاخود نا، بەڵام خوان موسۆ گۆڵچی سەرەكی دەبێت.