
پیۆلی داوا لە یاریزانەكانی دەكات لە كوالیتی ناپۆلی وریابن و سپالێتیش پێیوایە تیپەكەی لە توانایدا هەیە خۆی بگونجێنێت لە ئامادەنەبوونی ئۆسمیندا.
ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنەری ئەی سی میلان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسی تایبەت بە یارییەكەی ئەمشەوی بەرامبەر ناپۆلی لە چامپیۆنز لیگدا ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی یارییەكی هاوسەنگ دەكات.
پیۆلی دەڵێت "ئەستەمە یارییەكەی نێوانمان لە خولی ئیتاڵیا دووبارە ببێتەوە، پێویستە لەسەرمان یارییەكی نایاب ئەنجامبدەین، لەبەرئەوەی ڕكابەرەكەمان بەشێوەیەكی باش یاری دەكات و باشترین هێڵی هێرشبردنی هەیە لە چامپیۆنز لیگدا و دەبێت لە بەرامبەریدا وریابین، چونكە خاوەنی كوالیتییەكی بەرزە و سود لە هەموو هەڵەیەك وەردەگرێت".
هاوكات لوچیانۆ سپالێتی ڕاهێنەری ناپۆلی ئاماژەی بەوەكرد، تیپەكەیان دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لە ئامادەنەبوونی ئۆسمینی هێرشبەری یانەكەی.
سپالێتی دەڵێت "تا ئێستا تیپەكەمان پیشانیداوە كە توانای یاریكردنی هەیە سەرەڕای ئەو پێكهاتەیەی لە سەرەتای یارییەكاندا دیاریمان كردووە، ئێمە لەم قۆناغەداین لەبەرئەوەی یاری گرنگمان بردووەتەوە بەبێ ئۆسمین، هەر بۆیە چاوەڕێی هەمان شت دەكەم لە بەرامبەر میلانیشدا".