پاش بردنەوەی كلاسیكۆی جیهان لە هەڵبژاردەی بەڕازیل، لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رایگەیاند، بردنەوەیەكی بەكۆمەڵیان بەدەستهێناوە و بە یەكگرتووی یارییان كردووە و سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، گرنگە بزانن لەگەڵ هەمووو یارییەك بە شێوەیەكی دروست مامەڵە بكەن.

باسی لەوەشكرد، هەندیك یاری هەیە كە بارودۆخەكەیان لەسەر قورس دەبێت بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە هەمیشە بە هیوا بن و تێبكۆشن، پێویستە هاندەرانی وڵاتەكەی بەو بردنەوەیە دڵخۆش بن چونكە هەمیشە ئاوا بە بەهێزی نامێننەوە.

جەختی لەوەشكردەوە، رافینیا دەبەخشێت و دەزانێت یاریزانەكە قسەكانی لە ئەنقەست نەكردووە، یاری بەڕازیل و ئەرجەنتین هەمیشە گرنگ و هەستیار بووە، بەڵام ئەوان نەچوونەتە ژێر باری ئەو دۆخە میدیایەوە و یاری خۆیان بەباشی ئەنجامداوە.

لەلایەكی ترەوە دۆریڤاڵی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل رایگەیاند، ئەوەی پلانیان بۆ دانابوو رووینەدا، ئەم شكستە قورسترین شكست بووە لە ژیانی وەرزشیدا بەڵام دەبێت قبوڵی بكەن و هیچ كاتیش خۆی بەدەستەوە نادات.

وتیشی: بە شێوەیەكی سروشتی كەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد كە بینیمان و بەرپرسیارێتی ئەوەش بە تەواوی لە ئەستۆی مندایە، بەداخەوە هەر لە یەكەم خولەكی یارییەكەوە هیچ كام لە پلانەكانمان نەهاتنە دی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەموو ڕوویەكەوە باشتر بوو، داوای لێبوردن لە هاندەرانی بەڕازیلیش دەكەم چونكە چاوەڕوانییەكان زۆر جیاواز بوون لەوەی كە بینیمان و پێشكەشمان كرد، شەوێكی زۆر سەخت بوو بۆ هەموومان.