
كارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بە سەركەوتنیان بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و لەبارەی گۆڵە رەتكراوەكەی بایرن میونشنیش قسەی هەیە.
ئەنچێلۆتی دوای ئەو ریمۆنتادایە مێژووییەی بەرامبەر یانەی بایرن میونشن تۆماریانكرد و گەیشتنە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەكە گوتی "جارێكی دیكە ئەنجامماندا، ئەمە زۆرجار روویدا و شتەكە هیچ شرۆڤەكردنێكی نییە، هاندەران پاڵپشتیانكرد و یاریگە یارمەتیدەر بوو كەشێكی نایاب."
كارلۆ زیاتر گوتی "یاریزانەكان ناتوانن واز لە باوەڕەكەیان بهێنن بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە، ئەمە شتێكی ئەفسوناوییە، زۆر شرۆڤە هەڵنگارێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئێمە یارییەكی باشمان ئەنجامدا، لە راستیدا یارییەكی زەحمەت بوو، بەڵام هەلمان دروستكرد و بەشێوەیەكی زۆرباش كۆنتڕۆڵی یاریگەمان كرد، زۆر سوپاسی هاندەران دەكەم، پێش هەموو شتێكیش سوپاس بۆ یاریزانەكان بۆ ئەو وەرزە نایابەی پێشكێشیانكرد كە كەس چاوەڕێی نەبوو، تەنانەت خۆشم چاوەڕێی ئەوەم لەم تیپە نەدەكرد ئەوە بكەن كە تاوەكو ئێستا كردوویانە، گەیشتن بە یاریی كۆتایی سەركەوتنە، ئەوەی روودەدات (بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند) روودەدات."
لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی بایرن میونشن لەبارەی ئەو گۆڵەی ماتیاس دیلێخت كە لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتكرایەوە، كارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵاكەی بەرزكردەوە، ناوبژیوان فیكەی لێدا و یارییەكە وەستا، ناوبژیوانەكە یاریی كۆتایی مۆندیالی بەڕێوەبردووە، ناوبژیوانێكی زۆر ئاستبەرزە، ئەگەر ئەوان گلەیی لە رەتكردنەوەی گۆڵەكەیان دەكەن، ئێمەش دەتوانین بۆ رەتكردنەوەی گۆڵەكەی ناچۆ بیكەین كە بەهۆی كەوتنی كیمیچ رەتكرایەوە، پاڵدانێك بوو بەڵام ئەوان پاڵیان بەقسەكانیانەوە دەنا."
ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگدا، دواكەوتنی بەرامبەر بایرن میونشن بۆ بردنەوەیەكی دراماتیكی و سەرنجڕاكێش گۆڕی و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەكەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.