كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، ستایشی یاریزانەكانی كرد، دوای بردنەوەكەیان بەرامبەر ئەتلەتیك بلباو، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

ئەنچیلۆتی ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە دوای پشووە نێودەوڵەتییەكان و بەشداری یاریزانان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان، ڕەنگە یارییەكە ئاڵۆز بێت، بەڵام زۆر بە باشی دەستیان پێكرد و زوو پێشكەوتن، هەروەها لەسەر ئاستی بەرگری یارییەكە یەكگرتوو و ڕێكخراو بوون.

دوپاتیكردەوە: ئەمە بەشێكە لە وەرزێكی تەواو، پابەندبوونێكی بەكۆمەڵ هەیە، هێرشبەران ڕۆڵی بەرگری دەگێڕن، تیپەكەش لە دۆخێكی باشدایە و هەمووان بەیەكەوە بە كۆمەڵ یاری دەكەن.

وتیشی: ئێمە وزەی پێشكەوتنی زۆرمان نەبوو، چونكە بێلینگهام و ڤاڵڤێردی لەسەدا 100 ئامادە نەبوون.

سەبارەت بە دوو گۆڵەكەی ڕۆدریگۆ ئاشكرای كرد: باوەڕیان هەبوو كە توانای ئەوەی هەیە لە یارییەكەدا شتێك بكات، ڕۆدریگۆش گرنگترین یاریزانی یارییەكە بوو.

سەبارەت بە گەڕانەوەی میلیتاو دوای ئامادەنەبوونی 232 ڕۆژ، دەڵێت: ئەمڕۆ یارییەكی زۆر كەمی كرد، بەڵام زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە بگەڕێتەوە، لە قۆناغی كۆتایی وەرزدا پێویسستمان بە هەموو كەسێكە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەرگریكارێكی بەهێزی وەك میلیتاو.