پێش یاری نێوان ئارسناڵ و بایرن میونشن لە چامپیۆنز لیگ، میكێل ئارتێتای راهێنەری ئارسناڵ رایگەیاند، لە بارودۆخێكی دەروونی زۆر باشدان و سەرنجیان تەنیا لەسەر ئەو یاریەیە، ئەركێكی گەورەیان لەبەردەمدایە.

ئارتێتا وتی: بایرن میونشن تیپێكی گەورەیە و یەكێكە لە باشترین و سەركەوتووترین یانەكانی ئەوروپا، ئامادەكارییەكی باشمان كردووە و سەرسامم بە تۆماس تۆخێلی راهێنەری ئەو یانەیە چونكە زۆر شتی لێوە فێربووم.

وتیشی، یانە ئەڵمانیەكە تەنیا لە هاری كەین پێكنەهاتووە و شارەزای ئاستی هەموو یاریزانەكانی ئەو یانەیەن، پێویستە بە كۆمەڵ رووبەڕوویان ببنەوە تا بتوانن چێژ بە هاندەران ببەخشن.

لە بەرامبەردا تۆماس تۆخێلی راهێنەری بایرن میونشن رایگەیاند، چاوەڕێ دەكات ئارسناڵ هەمان ئاست و شێوازی وەرزی رابردووی مان سیتی پێشكەش بكات بەرامبەریان لەبەرئەوە دەبێت ئەوانیش لە بەرزترین كوالێتی خۆیاندا بن.

تۆخێل دوپاتیكردەوە كە ئارسناڵ لە ئێستادا باشترین یانەی پریمەر لیگە ئەوەش ئامارەكان دەریخستووە چونكە لە باشترین ئاستی خۆیاندان، ئارتێتا كاری گەورەی بۆ ئەو یانەیە كردووە بەڵام خاڵە بەهێزەكانی خۆمان دەزانین  و ئەزموونی زیاترمان هەیە لە چامپیۆنز لیگ.

رونیشیكردەوە، دەیەوێت هەموو شتێك پێشكەشی یانەكەی بكات لە چامپیۆنز لیگ پێش جێهێشتنی، دڵخۆشە كە راهێنەرایەتی بایرن میونشنی كردووە و ئەو رەخنانەی لێیان دەگیرێت لە شوێنی خۆیاندایە.