
پێش روبەڕوبوونەوەی مانچستەر سیتی، كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، چاوەڕێی یارییەكی بەهێز و سەخت دەكەن و دەزانن 90 خولەكی قورسیان لە پێشە، خۆشحاڵیشە لە چامپیۆنزلیگ یارییان هەیە چونكە ناوبژیوانانی ئەو پاڵەوانێتییە زۆر باشن.
سەبارەت بەوەی پێشتر گواردیۆلا وتبووی چانسی بردنەوەی یارییەكە بۆ ئەوان لە سەدا یەكە، كارلۆ وتی: بەڕاستی پێموانییە خۆشی باوەڕ بەو شتە بكات، راستە پێی وایە ئێمە چانسی باشترمان هەیە، بەڵام نەك 99 لە سەد، بەڵام ئێمە هەلێكی تۆزێ باشترمان هەیە كە دەبێت بیقۆزینەوە.
باسی لەوەشكرد، هێشتا ڤاسكێز بە تەواوی باش نەبوەتەوە و بەرامبەر مان سیتی لەسەر كورسی یەدەگ دەبێت، مباپێش لە باشترین ئاستی خۆیدایە و لە رووی دەروونی و جەستەییەوە ئامادەیە.
لەلایەكی ترەوە، پیپ گواردیۆلای راهێنەری مان سیتی رایگەیاند، لەسەر فشارەكان راهاتوون و دەزانن یاریكردن لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ قورسە بەڵام ئەوان ئامادەن بۆ ئەو یارییە، ریاڵ مەدریدیش یانەیەكی بەهێزە و وەرزی پێشوو نایاب بوون.
باسی لەوەشكرد، لە قسەكەی پێشوو سەبارەت بەوەی وتبووەی هەلی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو لە سەدا یەك پەشیمانە و درۆی كردووە، وە لە توانایاندا هەیە ئەنجامی یاری پێشوو راست بكەنەوە و بگەنە قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ.
وتیشی: ئەگەری هەیە هەموو شتێك لە یارییەكدا ڕووبدات، من تیپەكەم باش دەناسم و هەشت ساڵ وەك ئامێرێك بووین و هیچ یانەیەكی تر لە ئینگلتەرا ئەو كارەی نەكرد، هەندێك شت لە یاریگادا دەگۆڕین و هیوادارین بتوانین كێشە بۆ ریاڵ مەدرید درووست بكەین.