
لە کەنار
با
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
(1)
هەمیشە لە گۆشەیەکی بارانەوە
تارمایی با دەکێشم
(2)
لە شەقامە خێراکان
وەک گەڵای دەم با
خۆم دەکەمەوە.
(3)
دنیا خۆی بە گەڵا نوێ دەکاتەوە
با بە شنەی بەیانی
ژیان ئاو و ئاو دەڕوا.
(4)
تەمەنم وەک هەور پێش با دەکەوێ
تنۆک تنۆک
تاریکی لێدەتکێ.
(5)
دەزانم باران بۆ هەمووان نییە
بەڵام با
لە گۆڕستانیش دێ
وەک شاردنەوە.
(6)
دڵم کز بووە
لەبەر باران نا
لەبەر با هەر یەک بەلایەکدا
دەڕۆین.
(7)
با و با
دەدەمە کێوان
شار بە گوڵ ئاو دەدەم.
(😎
با لە هەموو گێڕانەوەکاندا
پێش تەنیایی دەکەوێ
بەرەو تەنیایی.
(9)
هەمیشە بۆشاییەک لەنێوان با و باران
لەبیر دەکەم
بۆ پشیلان.
(10)
باران خاڵیبوونەوەیە
بەڵام پایز لە چاوەڕوانی بەرگ دەگۆڕێ
لەبەر با
دەدرەوشێتەوە.
(11)
با لەگەڵ یەکەم باران
پەیامی خۆی بە خاک دەسپێرێ
مرۆڤ تەنیایە.
(12)
هەموو هەوڵی من ئەوەیە
ژیان بە جوانی بنووسمەوە
با بە گاڵتە دێ
هیچ بە هیچ.
(13)
ئەوەی گەڵا لە با فێر دەبێ
رۆیشتنە
ئەوەی مرۆڤ بە بای دەدا
زیندەگییە.
(14)
من دەڵێم درەختی با
رەگی نییە
گەڵاکانی لە باران.
(15)
پایز تەڵە بۆ با دەنێتەوە
باران دەبارێ.
(16)
با لێوان لێوە
لە رەنجی بێ هودە
باران لە ترسی کەوتنە خوارەوە.
(17)
نیگاری با دەنەخشێنم
لە ژێر ئاسمان
باران توانای گوتنی نییە.
(18)
شەوبای پیر
بەسەرهاتی باران
دەباتەوە.
(19)
ئەمڕۆ خەیاڵم
لە پەنا با
پشیلە دەیلێستەوە.
(20)
با بەر هەمووان دەکەوێ
کەسێ نەبێ
کەسێ ناگەڕێتەوە.
(21)
پایز هەمیشە میوانی بایە
ماڵی گەڵا لە خوارەوەیە
ماڵی با کەس نازانێ.
(22)
باران دەریا و دەریا دەمانبا
با بەرەو تەنیایی
هیچ نەماوە بۆ گوتن.
(23)
بازاڕ جمەی دێ
لەباران
کەس بیر لە با ناکاتەوە.
(24)
من لە پشت پۆرتریتی باران
لەگەڵ با دەدوێم.
(25)
شوێن پێی خەونەکانم لەبەر باران
جێماوە
با دەینووسێتەوە.
(26)
دوور لە باران
خۆم بە تەنافێکەوە هەڵواسیوە
سەرێکی کەوتۆتە دەست با.
(27)
دنیا بەو باکگراوەندە تاریکەوە
باران بە با دەکا
مرۆڤ بەرەو ماڵ دەباتەوە.
(28)
دەمەوێ قسەیەک بکەم
بە دزی با
کۆڵانەکانی باران ببڕێ.
(29)
خشەی گەڵا
وێنەیەکمان بیر دەخاتەوە
بە کزی بە با دەڵێ
نەکەوی.
(30)
لەبەر با رێگا نییە بڕۆین
لە ماڵ دەمێنمەوە
باران بە خەو دەسپێرم.
(31)
چاوم ئەوەندە کز بووە
با دەستی دەگرێ
لەبەر باران.