
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر شەباب لە خولی سعودیە هاتە دەنگ و لێكۆڵینەوە لە مامەڵەكردنی ئەستێرە پۆرتوگالییەكەدا دەكرێت.
فیدراسیۆنەكە بڕیاریداوە، دوای ئەو كاردانەوە زۆرانەی شێوازی مامەڵەكردنی یاریزانەكە بەدوای خۆیدا هێنا، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكاندا بكات و ئەگەر یاریزانەكە هەڵسوكەوتی نابەجێی ئەنجامدابێت، سزابدرێت.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و شەباب لە ركابەرییەكانی خولی سعودیە، كە نەسڕ یارییەكەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و رۆناڵدۆ لە یارییەكەدا گۆڵێكی تۆماركرد، كریستیانۆ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئاهەنگی گێڕا و شێوازی ئاهەنگگێڕانەكەی كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەستێرە پۆرتوگالییەكە، هاندەرانی تۆپی پێی سعودیە تووڕەن و داوای دوورخستنەوەی یاریزانەكە دەكەن، لە میدیای جیهانیشدا شێوازی ئاهەنگگێڕانەكەی دۆن كاردانەوەی دروستكرد و بە كارێكی ئابڕووبەرانە ناوی دەبەن.
یانەی نەسڕ بەشی یاسایی یانەكەی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانە بكات و هەموو ئەو كەسانەی هێرشی نابەجێیان كردووەتە سەر كریستیانۆ رۆناڵدۆ رێكاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر.
ئەمە جاری یەكەم نییە شێوازی مامەڵەكردنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە دوای دۆڕانی یارییەكەیان بەرامبەر هیلال لە جامی ریازیش، یاریزانەكە بەهۆی ئەوەی سووكایەتیی بە لۆگۆی یانەی هیلال كرد، لەلایەن هاندەرانی ئەو یانەیەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام یاریزانەكە هیچ سزایەكی نەدرا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیەدا 22 گۆڵی تۆماركردووە و دوای بردنەوەیان لە شەباب لە پەیامێكدا گوتی "بەردەوامدەبین و تاوەكو كۆتایی ناوەستین."