
لوكا مۆدریچ، یاریزانی كرواتیی یانەی ریال مەدرید، لە هەفتەی فیفادا لەگەڵ هاوڕێكانی لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەی سەبارەت بە داهاتووی خۆی قسەی كردووە و پێیگوتوون، چاوەڕێی هەڵوێستی ریال مەدریدە بۆ ئەوەی بزانێت دەستەوارەی نوێی پێشكێش دەكات یان نا.
لوكا مۆدریچ، تاوەكو هاوینی 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، زۆرجار لە یارییەكانی مێرێنگێدا لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت.
بەگوێرەی تۆڕی دێفێنسیا سێنتڕاڵی ئیسپانی، مۆدریچ لەلایەن هاوڕێكانی لە هەڵبژاردەی كرواتیا پرسیاری لێكراوە سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی؟ ئەویش لە وەڵامدا پێیگوتوون "دەمەوێت چاوەڕێ بكەم، كاتێك دڵنیابووم واژۆی دەكەم. من چاوەڕێی ریال مەدریدم".
وەك ئەو سەرچاوەیە باسی دەكات، مۆدریچ مەبەستی لەم قسانەیە ئەوەیە كە بژاردەی یەكەمی ریال مەدریدە، واتا ئەگەر ریال دەستەوارەی پێشكێش بكات، بەدڵنیاییەوە رازی دەبێت گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی دیكە نوێبكاتەوە.
دێفێنسیا سێنتڕاڵ بڵاویكردووەتەوە تاوەكو ئێستا نازانرێت كە ئایا ریال مەدرید دەستەوارەی نوێكردنەوەی گرێبەست پێشكێشی مۆدریچ دەكات یان نا و دەڵێت "بەرپرسانی مێرێنگێ پەلە ناكەن لە زانینی بڕیارەكەی یاریزانەكە".
هەندێك لە سەرچاوەكانی دیكە باس لەوە دەكەن كە مۆدریچ لە هەردوو خولی سعودیە و ئەمریكییەوە دەستەوارەی پێشكێشكراوە، بەڵام ئەو ئەگەر دەستەوارەی ریال مەدریدی پێنەگەیشت، پێیباشترە لە هەنگاوی داهاتوودا بچێتە خولی ئەمریكی.