
لە خولی نایابی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی دهۆكی كرد، ئەو یارییە بە یاری كلاسیكۆ ناسراوەو زۆربەی كاتیش لەو یارییەدا هاندەران تووشی نیگەرانی دەبن.
لە خولەكی 28، مەترسییەكانی یانەی هەولێر دەستی پێكرد، كاتێك هەڵۆ فایەق بە مووشەكێك ستوونی دهۆكی هەژاند. دواتر هەولێر لە هەوڵێكی دیكەدا لە رێگەی حەسەن عاشوور بەختی خۆی تاقیكردەوە، بەڵام ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێزی دهۆك بەرپەرچی دایەوە.
یاریزانی ئۆگەندی ئیمانوێل ئۆكۆیا دەرفەتی هەبوو لە خولەكی 40 گۆڵی یەكەمی هەولێر بكات و دەرفەتەكەی بە ئاسانی فەوتاند.
ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەمی یارییەكەی لێدا و كلاسیكۆی كوردستان نیوەی یەكەمی بە ئەنجامێكی سپی بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا هەولێر لە سەرەتاوە هەوڵیدا فشار لەسەر گۆڵی دهۆكی میوانی دروست بكات. هەڵۆكەی گەرمیان كە لە گۆڵكردن بێبەخت بوو، لەم هەوڵێكی دیكەیدا دەرفەتی گۆڵی رەخساند، بەڵام شێركۆ كەریم سوودی لە تۆپەكە نەبینی و نەیتوانی بیخاتە گۆڵەوە.
چارەكیك لە نیوەی دووەم تێپەڕی و هەولێر بێدەنگ بوو، پاشان راهێنەر دەستی بە گۆڕانكاری كرد لە پێناو باشتركردنی دۆخیان لە یارییەكە. كاتە زێڕینەكەی هەولێر هات، یارییەكە گەیشتە خولەكی 64 بە ئەسیستی حەسەن عاشوور، مەحموود خەلیل بە لێدانێكی سەر گۆڵی كرد و یاریگای فرەنسۆ هەریری هەژاند و هەولێر بە گۆڵی یەكەم لە یارییەكە پێشكەوت.
ناوبژیوان فیكەی كۆتایی لێدا و كلاسیكۆی كوردستان لە خولی نایابی عێراق بە سەركەوتنی هەولێر بە گۆڵێكی بێبەرامبەر كۆتایی هات، هەولێر لە دوایین پێنج یاریی چوارەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا باڵانسی خاڵەكانی بۆ 32 خاڵ بەرز كردەوە، دهۆكیش تووشی شەشەمین دۆرانی ئەم وەرزە بوو خاوەنی 36 خاڵە.