لە هەفتەی 31ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری، میوانداری یانەی قووە جەوییەی كرد.

هەولێری خاوەن یاریگا و هاندەر بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردەوە و گۆڵەكانیشی لە خولەكەكانی 46 و 95دا لەلایەن ئیمانوێل ئوكوی و جاسم محەمەدەوە تۆماركرد.

لە یارییەكی تری هەمان هەفتەدا، یانەی زاخۆ لە یاریگای زاخۆی نێودەوڵەتی میوانداری یانەی شورتەی كرد و بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر یارییەكەی پێدۆڕاند، كە تاكە گۆڵەكەش عەلا عەبدولزەهرە لە خولەكی هەشتدا تۆماریكرد.

بەم ئەنجامانە، شورتە بە 64 خاڵ سەركەوتنی بۆ پێشەنگی ڕیزبەندی خولەكە بەدەستهێنا و قووە جەوییەش بە 62 خاڵەوە بۆ پلەی دووەم دابەزی، هەولێریش 42 خاڵی هەیە و لە پلەی 12یەمدا مایەوە، زاخۆش لە پلەی 16یەمدایە و 33 خاڵی هەیە.