رۆژنامەی ریازیەی سعودی بڵاویكردەوە، بەرپرسانی یانەی نەسڕ لە دوایین كۆبونەوەیاندا باسیان لە پلانەكانیان بۆ وەرزی داهاتوو كردووە و لە ئێستاشەوە ئەو كارانەیان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، كاری یەكەمی یانە سعودیەكە پاراستنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یانەكەیانە بەتایبەت لە كاتی یارییەكاندا و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتی ئەمنی كردووە بۆ ماوەی یەك ساڵ.

رونیشیكردووەتەوە، هۆكاری ئەو كارەی بەرپرسانی نەسڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو یاریزانە لە یارییەكانی جامی یۆرۆی 2024دا زۆرترین هاندەر چوونەتە یاریگاوە كە وێنەی لەگەڵدا بگرن لە كاتی یارییەكاندا ئەوانیش ئەوە بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئەو یاریزانە.

ئەو رۆژنامەیە رایگەیاندوە، یانە سعودیەكە ئامانجێكی تری ئەوەیە كە پێكهاتەكەی بەهێزبكات لە پێناو ئەوەی وەرزی داهاتوو كێبڕكێی سەرجەم نازناوەكان بكات، هەروەها بوارەكانی كارگێڕی و تەكنیكی و كارەكانی فرۆشگا و كۆگاكان بەرەوپێش دەبات.