لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، یانەی هیلالی سعودی بە پێشكێشكردنی دەستەوارەیەكی مێژوویی و خەیاڵی بۆ گواستنەوەی كیلیان ئێمباپێ، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی هەژاند و جیهانی سەرسوڕمان كرد، بەڵام ئامانجەكەی نەپێكا و كیلیان ئەو دەستەوارە مێژووییەی رەتكردەوە، هۆكارەكەشی تەنیا یەك شتە، پۆشینی درێسی سپیی یانەی ریال مەدرید.

 شاندێكی یانەی هیلالی سعودی، بە سەرۆكایەتیی فەهد نافل، سەرۆكی یانەكە و چەند كەسێك لە سندووقی وەبەرهێنانی سعودی چوونەتە پاریس، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان و ماڵباتی كیلیان ئێمباپێ و یاریزانەكەش لە نزیكەوە ببینن، بۆ ئەوەی پڕۆژەی یانەكە بۆ یاریزانەكە روونبەكەنەوە و رێككەوتنی لەگەڵ بكەن بۆ پەیوەندیكردن بە یانەكەوە، بەڵام ئێمباپێ نەك بە دەستەوارەكە رازی نییە، تەنانەت ئامادەنەبوو لەگەڵ شاندی یانە سعودییەكە كۆبوونەوەش بكات، بەمەش هیلال لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ رازیكردنی ئەستێرە فەرەنسییەكە شكستیهێنا.

 پاریس سانجێرمان دەستەوارەی هیلالی زۆر بەدڵە، بەڵام كە ئێمباپێ رازی نەبێت چارەی نییە، میدیای فەرەنسا دەڵێت "پاریس متمانەی تەواوی بەوە هەیە كە روودەدات، چونكە لەنێو یانەكەدا زۆر بە ئاشكرا هەست بەوە دەكرێت كە ئێمباپێ رێككەوتنی لەگەڵ ریال مەدرید كردووە بۆ ئەوەی لە 2024 پەیوەندی بە ریزەكانی یانەكەوە بكات.

 رۆژنامەی لێكیپی فەرەنسی دەڵێت "ئێمباپێ رەتیكردووەتەوە هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ یانە سعودییەكە بكات، یاریزانەكە جگە لە ریال مەدرید بیر لە هیچ دەستەوارە و یانەیەكی دیكە ناكاتەوە و قۆناخی داهاتوو بەدرێسی سپیی یانەی شاهانەوە دەبێت و نزیكەكانی ئێمباپێش دووپاتیدەكەنەوە كە یاریزانەكە هەرگیز بیر لە بژاردەی یارییكردن لە خولی سعودییە ناكاتەوە.