پێش دەستپێكردنەوەی ئەم وەرزە لۆكا مۆدریچ گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی تر لەگەڵ ریاڵ مەدرید نوێكردەوە و بەڵام لە ئێستادا یاریزانەكە بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی پێنابەستڕیت و ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی نیگەران بێت و بیەویت مێرەنگی جێبهێڵێت.

مۆدریچ كە شەوی یەكشەممە تاكە گۆڵی بردنەوەی ڕیاڵ مەدریدی بەرامبەر سیڤییە تۆماركرد، تا ئێستا بڕیاری كۆتایی بۆ وەرزی داهاتوو نەداوە، بەڵام میدیاكانی كرواتیا ئاماژە بەوەدەكەن پێناچێت یاریزانەكە ئارەزووی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی هەبێت و سێ بژاردەی لە بەردەستدایە ئەوانیش چوون بۆ سعودیە یان ئەمریكایە، یاخود گەڕانەوەیەتی بۆ یانەی دینامۆ زەگرب.

لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوە دەكرا كە مۆدریچ دانوستانی لەگەڵ یانەكەی كرواتیا ئەنجامداوە، پاش ئەوەی یاریزانەكەش مۆڵەتیكی یەك رۆژی وەرگرت و گەشتی زەگربی كرد، دەنگۆكان گەرمتر بوونە سەبارەت بە گەڕانەوەی یاریزانەكە بۆ وڵاتەكەی.

تا ئێستا كەس نازانێت گەشتەكەی لۆكا بۆ زاگرێب بۆ هۆكارێكی وەرزشی بووە یان نا بەڵام میدیاكانی كرواتیا بە توندی پێیان وایە مۆدریچ پەیوەندی بە یانەی دینامۆوە دەكات ئەگەر لەگەڵ ڕیال بەردەوام نەبێت.