شكستی یانەی نەسڕ بەرامبەر هیلال بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەفتەی 25ی خولی سعودیە، تەنگژەیەكی گەورەی لە خولەكەدا دروستكردووە. هاندەران داوای دەركردنی كریستیانۆ رۆناڵدۆیان كرد.

 شكستی نەسڕ لە یارییەكەدا كە بەدێربی ناسراوە، بووە هۆی تووڕەبوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕ كە بە هەڵسوكەوتێكی نەشیاوی نا وەرزشیانە گوزارشتی لە تووڕەیی خۆی كرد. ئەم كارە وای لە هاندەران كرد داوا لە بەرپرسانی خولەكە بكەن تووندترین سزا بەسەر رۆناڵدۆدا بسەپێنرێت.

 لە گرتەكەدا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە كاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگە و بەرلەوەی بچێتە راڕەوی چوونە دەرەوەی یاریزانان لە یاریگە، لە كاتێكدا هاندەرانی نێو یاریگە هاواریان دەكرد مێسی مێسی، ئەو بە جووڵەیەكی ناوەرزشییانە، تووڕەیی خۆی پێشاندا.

لە دوای هەڵسوكەوتەكەی ئەمجارەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ژمارەی بەرچاوی هاندەران و جەماوەری تۆپی پێ، سەركۆنەی كارەكەیان كرد و داوایان لە لیژنەی رێككار و رەوشتی فیدراسیۆنەكە كرد، تووندترین سزا بەسەر كریستیانۆ رۆناڵدۆ بسەپێنرێت.

لای خۆیەوە یانەی نەسڕ رایگەیاندووە ئەوەی رۆناڵدۆ كردوویەتی هەڵسوكەوتی نەشیا نەبووە بەرامبەر بە هاندەران، بەڵكو ئەو یاریزانە پێكانی هەبووە.

 محەممەد عەنزی، میدیاكاری سعودی لەسەرچاوەكانی كارگێڕیی یانەی نەسڕی گواستووەتەوە كە ئەو لێكدانەوانە راست نین كە وەك تۆمەت ئاراستەی رۆناڵدۆ كراون.

 عەنزی دەڵێ، زانیاریم هەیە كە كارگێڕیی نەسڕ لەبارەی رووداوەكەوە دەڵێن رۆناڵدۆ پێكانی هەیە لەو جێگایەدا كە دەستی بۆ بردووە و هیچ جووڵەیەكی نەشیاوی بەرامبەر هاندەران نەكردووە، بەڵكو تەنیا لەو كاتەدا دەستی بۆ ئەو شوێنەی بردووە كە تێیدا هەستی بە ئازار كردووە.

ئەو میدیاكارە زیاتر گوتوویەتی، "ئەگەر تەماشای گرتەی ڤیدیۆیی ساتی چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆ بكەینەوە، دەبینین كە لە كاتی چوونەدەرەوەدا لە یاریگە، تەماشای پلیكانەی یاریگە ناكات كە هاندەری لێ دانیشتون".

 میدیاكارە سعودییەكە زیاتر دەڵێ، "رۆناڵدۆ یاریزانێكی گەورەیە و ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانەی لێناوەشێتەوە، ئەوە تەنیا رای من نییە و بەڵكو زانیارییە، هاندەرانیش ئازان لەوەی چ لێكدانەوەیەك لەبارەی هەڵسوكەوتەكەوە بكەن".