پاش ئەوەی ریال مەدرید لە یاری كلاسیكۆ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شكستی بە بەرشەلۆنە هێنا، دوای یارییەكە هاندەرانی بەرشەلۆنە رەخنەیان لە ناوبژیوانی كلاسیكۆ گرت بەوەی گۆڵێكی دروستی بۆ یانەكە هەژمارنەكردووە، نەك تەنیا لایەنگرانی یانەكە بەڵكە چاڤی راهێنەریش بە تووندی رەخنەی لە بڕیارەكانی ناوبژیوان گرت و بە هۆكاری شكستەكەیانی دانا.

لەلایەكی ترەوە خوان لاپۆرتای سەرۆكی بەرشەلۆنەش بە پارچە ڤیدیۆیەك رەخنەی لە بڕیارەكانی ناوبژیوانی كلاسیكۆ گرت و پێیوایە ئەگەر پێویست بكات دەبێت یارییەكە دووبارە بكرێتەوە.

لە بڵاوكراوەكەدا لاپۆرتا وتی: لێرەوە داوا لە لیژنەی ناوبژیوانان و یەكێتی تۆپی پێ دەكەین دەستبەجێ سەرجەم وێنە و فایلە دەنگیەكانی یاری كلاسیكۆمان بۆ دابین بكەن سەبارەت بە گۆڵە لەدەستچووەكەی لامین یامال، ئەگەر دوای پێداچوونەوە بەم بەڵگەنامانە، بۆ یانەكە دیاری كرا كە هەڵەیەك لە هەڵسەنگاندنی ئەم دیمەنەدا هەبووە، هەموو ڕێكارێكی پێویست دەگرینەبەر بۆ گەڕانەوەی ئەنجامەكە، ئەگەر پشتڕاستكرایەوە كە گۆڵەكە دروست بووە، ئەوا داوای دووبارەكردنەوەی یارییەكە دەكەین، وەك لە یارییەكی ئەوروپیدا بەهۆی هەڵەوە یارییەكەمان دووبارە كردەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە شێوەیەكی گشتی سەرنجی ئەوان لەسەر ئەو دیمەنەیە كە باسكرا بەڵام رەخنەیان لە دیمەنەكانی تریش هەیە كە لەلایەن ناوبژیوانی ڤارەوە پشتگوێ خراوە و ئەگەر هەڵە جۆراوجۆرەكان نەبوایە جیاوازیان لەگەڵ ریاڵ مەدریدی پێشەنگ هێندە زۆر نەدەبوو.