یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ئێستاوە بەدوای راهێنەرێكدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لە شوێنی چاڤی هێرناندێز، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەكە وەربگرێت.

 چاڤی هێرناندێز، چەند هەفتەیەك لەمەوبەر رایگەیاند، لە كۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەكە دەڕوات و بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە داوە.

 بەپێی هەواڵی رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی و نزیك لە یانەی بارسێلۆنا، كارگێڕیی یانەكە دەیەوێت راهێنەرێك شوێنی چاڤی بگرێتەوە، كە ئەزموونێكی گەورەی هەبێت و بەلای كەمەوە پێشتر نازناوی چامپیۆنزلیگی بردبێتەوە.

 رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات خوان لاپۆرتا خەون بە یۆرگن كڵۆپەوە دەبینێت، یانەكە هەوڵدەدات ئەو راهێنەرە رازی بكات بۆ ئەوەی دوای رۆیشتنی لە لیڤەرپوول ببێتە راهێنەری یانەكە، بەڵام كڵۆپ رایگەیاندووە كە ساڵێك پشوو دەدات و زەحمەتە پەشیمان ببێتەوە."

 سەرچاوەكە نووسیوویەتی "بژاردەیەكی دیكەی یانەی بارسێلۆنا، تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئێستای یانەی بایرن میونشنە، كە لە دۆخێكی باشدا نییە و ئەگەری هەیە لە كارەكەی دووربخرێتەوە."

لەگەڵ ئەوەی تۆخێل لە دۆخێكی باشدا نییە، بارسێلۆنا چاودێریی ئەو راهێنەرە دەكات و بیر لەوە دەكاتەوە دوای دوورخستنەوەی لە یانەی بایرن میونشن گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بكات.

 بارسێلۆنا بە دۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەنجامەكانی لە لالیگادا وەك پێویست نین و لە دوایین یارییدا لەگەڵ گرانادا یەكسانبوو، لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ناپۆلی یاریی دەكات و هاندەرانی یانەكە هیوایەكی زۆریان بە تیپەكە نییە بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەكان بكات.