
سیروان سعید، گەرمیان
بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی گەرمیان بە هاوكاری لیژنەی تیپە میللیەكانی ڕزگاری خولێكی ناوبژیوانی بۆ ئاشنا بون بە دوا گۆڕانكاریەكانی یاسای تۆپی پێی نێو دەوڵەتی فیفا بۆ ساڵەكانی 2024 - 2025 بۆ وەرزشكارانی ڕزگاری ڕێكخرا.
خولەكە لەلایەن هەردوو ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی دكتۆر هاوكار سالار و ناوبژیوانی خوولی عێراقی ئومێد مستەفا وانەی خولەكە پێشكەش كرا. شایەنی باسە كۆمەڵێك خاڵ گۆڕانكاری تێدا كراوەو لە ئێستادا چەند خاڵێك لە جامی جیهانی یانەكان كاری پێ دەكرێت. لەم بارەوە رێزدار تەلعەت سەعداللە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی گەرمیان بە ڕێگای كوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە بۆ زیاتر خزمەتكردنی وەرزشی گەرمیان و بەرەوپێشچوونی ئاستی توانایی ناوبژیوانان بۆ بەڕێوەبردنی خولە وەرزشیەكان و هەروەها ئاشنا بون بە دوا گۆڕانكاریەكان لە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2024 - 2025 , لە ئەمڕۆدا سنوری گەرمیان بەرەو پێشچونێكی بەرچاوی لە بواری وەرزشدا هەیە وە چەندین یاریزانی پێگەیشتوەو ئێستا لە خولی عێراق و خولی نایابی كوردستان یاری دەكەن، ئێمە ئامانجمانە وەرزشكاران زیاتر ئاشنا بكەین بە گۆڕانكاریەكان لە یاسا نێو دەوڵەتیەكان لە تۆپی پێدا . پاش كۆتای خولەكە بڕوا نامەی بەشدار بونمان پێشكەش بە بەشدار بوان كرد.
لەلایەكی ترەوە بەرزان عبدالكریم سەرۆكی لیژنەی تیپە میللیەكان ڕزگاری بە ڕێگای كوردستانی ڕاگەیاند : ئێمە لە خولەكاندا زۆر ڕوو بەڕووی كێشەو گرفت دەبینەوە بەو پێیەی گۆڕانكاری نوێ لە یاسای تۆپی پێ دەكرێت هاوكات ئێمەش پێویستمان بە شارەزا بون بەو یاسایانە هەیە كە دەكرێت ئەمەش خزمەتی زیاتر بو دۆزی وەرزشی دەڤەرەكەمان دەكات.