
دوای پێكانی تیبۆ كۆرتوا، ڕیال مەدرید بڕیاریدا كیپا بگوازێتەوە و بۆ ماوەیەكی زۆریش گۆڵچی یەكەمی یانەكە بوو، بەڵام دوای ئەوەی تووشی پێكان هات پێگەی سەرەكی لە بەرژەوەندی لونین لەدەستدا ئەویش بەهۆی درەوشانەوەی گۆڵچیە ئۆكرانییەكە.
بەپێی یاساكانی لالیگاش، هەر گۆڵچیەك دەبێت لایەنی كەم 28 یاری ئەنجام بدات و لە هەر یارییەكدا 60 خولەك یاریكردبێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەڵاتی زامۆرای تایبەت بە باشترین گۆڵچی خولەكە بەدەست بهێنێت.
سێ مانگ لەمەوبەر بەشداریكردنی كیپا بەرامبەر ئەلاڤێس وایكرد لونین چیتر چانسی بەدەستهێنانی خەڵاتی زامۆرا نەبێت، پێش ئەوە گۆڵچیەكە لە حەوت یاریدا گۆڵپارێزی سەرەكی ڕیال بووە، وە تا ئێستاش 18 یاری لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا هاتوەتە یاریگاوە، ئەمەش واتا بە هەرجۆرێك بێت ناتوانێت 26 یاری ئەنجامبدات و ببێتە یەكێك لە پاڵێوراوەكان چونكە هەشت هەفتەی خولی ئیسپانیا ماوەتەوە و كۆتایی پێدێت.
لەم 18 یارییەدا لۆنین تەنیا یازدە گۆڵی لێ تۆماركراوە و نۆ جاریش گۆڵەكەی بە خاوێنی هێشتۆتەوە، تێكڕای گۆڵ لێكرانی لە هەر یارییەكدا سفر و پۆینت 61ە و لەو ڕووەوە باشترین گۆڵچی لالیگایە.
لە ئێستادا ئۆنای سیمۆنی گۆڵچی بلباو بە تێكڕای گۆڵ لێكرانی سفر و پۆینت نۆ گۆڵ و ئەلێكس ڕامیرۆی گۆڵچی سۆسیداد بە تێكڕای 1 گۆڵ و شتیگن بە تێكڕای سفر و پۆینت 85 چانسی سەرەكین بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی زامۆرای، بەڵام ئەستێرەكەی بەرشەلۆنە نابێت هیچ یارییەكی تر لەدەستبدات.
پێویستە بگوترێ لەوەتەی ئیكەر كاسیاس خەڵاتی زامۆرای لە وەرزی 2007-2008 بەدەستهێناوە، تەنیا تیبۆ كۆرتوا ئەم خەڵاتەی لەگەڵ ڕیال مەدرید لە وەرزی 2019-2020 بەدەستهێناوە.