
ڕۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی بڵاویكردەوە، یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی ئەنجامدانی گرێبەستێكی گەورە دەدات لە خولی ئیتاڵییەوە، بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبردنی تیپی تۆپی پێی یانەكەی، پێیوایە بێجگە لە ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندی، كە جیاوازی درووستكردووە، هێرشبەرەكانی تری وەك پێویست نەبوون لەم وەرزەدا.
سپۆرت ئاماژەی بەوەكردووە، بەرشەلۆنە خوێندنەوە بۆ ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ ڕافائێل لیاوی پورتوگالی هێرشبەری یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی دەكات لە مێركاتۆی هاوینەی داهاتوودا.
ئەمە لە كاتێكدایە، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەكان باس لەوەدەكەن، لیاو لەگەڵ میلان ڕێككەوتووە لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی تا هاوینی 2028، بەڵام ئەمە تا ئێستا بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە.
سپۆرت ڕونیكردووەتەوە، خوان لاپۆرتای سەرۆكی بەرشەلۆنە بە لیاو سەرسامە و پێیوایە هاوبەشێكی نایاب دەبێت لەگەڵ لیڤاندۆڤسكی و عوسمان دیمبلی فەڕەنسی لە هێڵی هێرشبردنی یانەكەیدا، لەبەرئەوەی توانایەكی هونەری گەورەی هەیە و دەشتوانێت لە هەموو شوێنەكانی هێڵی هێرشبردندا یاری بكات.
لاپۆرتا پەیوەندی بە خۆرخی میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی لیاو دەكات، كە هاوڕێیەكی نزیكیەتی، بۆ ئەوەی دوایین پێشهاتەكان لە بارەی داهاتووی هێرشبەرە پورتوگالیەكەوە بزانێت.
لیاو ئابی 2019 لە لیلی فەڕەنسییەوە بەرامبەر 29 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ پەیوەندی بە میلانەوە كرد و لەو كاتەوە لە 162 یاریدا 41 گۆڵ و 36 ئەسیستی تۆماركردووە.