ئاستە نایابەكەی لامین یامال لەگەڵ بەرشەلۆنە لە وەرزی ڕابردووی لالیگا بووە هۆی ئەوەی ئەم یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكرێت بۆ بەشداریكردن لە یۆرۆی 2024 و بە پێشكەشكردنی ئاستێكی نایابیش لە پاڵەوانێتییەكە ڕۆڵێكی گرنگی لە بردنەوەی جامەكە گێڕا لەلایەن ماتادۆرەوە.

ئاست بەرزی ئەم یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی یۆرۆ وایكرد زۆرێك لە میدیاكانی جیهان و یاریزانان و راهێنەرانی تۆپی پێ باس لە بەهرە و داهاتووە گەشاوەكەی بكەن.

هەرچەندە لە ئێستادا بەرشەلۆنە هیچ نیازێكی نییە بۆ فرۆشتنی ئەم ئەستێرە گەنجە، بەڵام بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەتوانێت باشترین رووداو بێت بۆیان چونكە یاریزانەكە تازە تەمەنی بووەتە 17 ساڵ.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لیستێكی بڵاوكردوەتەوە تێیدا باس لەوەكراوە، لامین یامال بە 120 ملیۆن یۆرۆ گرانترین یاریزانی بەرشەلۆنەیە، گاڤی بە 90 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی دووەمدایە، پێدری بە 80 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی سێیەمدایە، فرانكی دی یۆنگ و ڕۆناڵد ئاراوخۆش بە هاوبەشی لە پلەی چوارەمدان كە نرخیان 70 ملیۆن یۆرۆیە.