
ڕۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لیستی ئەو یاریزانانەی ڕاگەیاند كە بانگهێشت كراون بۆ كەمپی مانگی ئەیلولی هەڵبژاردەكە، كوڕانی مارتینێز ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی لە پێنج و هەشتی ئەیلول بەرامبەر كرواتیا و سكۆتلەندا لە نەیشنز لیگ یاری بكەن.
لە نێو ئەو 25 یاریزانەی كە ڕۆبێرتۆ مارتینێز بانگهێشتی كردووە، لەسەرووی هەموویانەوە ناوی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبینرێت، وە ناوی چەند یاریزانێكی نوێی وەك فرانسیسكۆ ترینكاو، پێدرۆ گۆنسالڤێس دەبینرێت، هەروەها یاریزانە لاوەكانی وەك، ڕیناتۆ ڤیگا و تیاگۆ سانتۆس و كوێندا لە لیستەكەدان.
دیاریترین ئەو یاریزانانەی تریش كە بانگێشتكراون بریتین لە، جۆتا و لیاو، برۆنۆ فێرناندێز و فلێكس و دیاز و بێرناردۆ و نێڤێس و دیگۆ كۆستای گۆڵچی.
مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەكەش پاش راگەیاندنی لیستەكە باسی لەوەكرد، كریستیانۆ یاریزانێكی گرنگە بۆ ئەوان، لە ئێستادا لەرووی جەستەیەوە بە تەواوی ئامادەیە و لە دۆخێكی زۆر باشدایە بەڵام ناتوانێت گرەنتی ئەوە بكات بەشداری مۆندیالی 2026 دەكات یاخود نا.