
لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا رۆژنامەكان بەردەوام باسیان لە گرنگی پێدانی یانەی ئیتیحادی سعودی كردووە بە محەمەد سەڵاحی میسڕی و هێرشبەری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی بەشێوەیەك كە یانە سعودیەكە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆی پێشكەشی لیڤەرپوڵ كردبوو بەرامبەر دەستبەرداربوون لەو یاریزانە كە ئەوەش لە هاوینی ساڵی 2023دا بووە.
لە نوێترین پێشهاتدا، پێگەی فوتبۆڵ ئینسایدەر بڵاویكردەوە كە بەرپرسانی یانەی لیڤەرپوڵ بیرۆكەیان بۆ نە فرۆشتنی محەمەد سەڵاح گۆڕدراوە و ئامادەن گرنگی بە ئۆفەرەكان بدەن.
پێگەكە ئاشكرایكردووە، كارگێڕی یانە ئینگلیزیەكە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە میسڕیەكەیان بەرامبەر بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ لە هاوینی ئەمساڵدا.
دوپاتیشیكردووەتەوە، هۆكاری ئەو هەڵوێستەی لیڤەرپوڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو یاریزانە تا ئەم ساتە رازی نەبووە بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی و نایانەوێت لە هاوینی 2025 بێبەرامبەر دەستبەرداری ببن.