لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە ڕوون بووەوە كە جگە لە پاریس سان جێرمان، یانەیەكی گەورەی دیكە دەیەوێت كڤاراتسخێلیا لە ناپۆلییەوە بگوازێتەوە ئەویش لیڤەرپولی ئینگلیزییە.

كڤارا لە وەرزی ڕابردوو كاتێك یۆرگن كلۆپ راهێنەری ریدز بوو وەك یەكێك لە ئامانجەكانی یانەكە باسدەكرا، وە یانەكە چەندینجار دانوستانی لەگەڵ بەڕێوبەری كارەكانی یاریزانەكە كردووە.

لەم ماوەیەدا ناپۆلی بە سەرسەختانە بەرەنگاری داواكارییەكانی پاریس سان جێرمان و لیڤەرپووڵ بووەتەوە و دەوترێت ڕاگەیاندووە كە ئەو ئەستێرە جۆرجییە بە كەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ نافرۆشن.

ڕۆژنامەی كۆریێرۆ دیلۆ سپۆرت لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوەكردووە، خویچا كڤاراتسخێلیا كە پێشتر بە شێوەیەكی تایبەتی ویستبووی بچێتە لیڤەرپوول، لەناكاو بڕیارەكەی گۆڕیە و لە ئێستادا متمانەی بە ناپۆلی و پلانەكانی كۆنتی هەیە و دەیەوێت گرێبەستێكی درێژخایەن لەگەڵ یانەكە واژۆ بكات.

لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی لیڤەرپوڵ ئیكۆ ئاماژەی بەوەكردووە، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بەڕێوبەرانی لیڤەرپوڵی توڕە كردووە و پەیامێكی ڕوونیان بۆ كڤارا ناردووە و داوایان لێكردووە بە زووترین كات لیڤەرپوول لە بڕیاری كۆتایی خۆی ئاگادار بكاتەوە.