
راپۆرتە رۆژنامەنوسییەكان لە ماوەی رابردوودا بە پشتن بەستن بە لێدوانەكانی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی مانەوەی ئەو یاریزانەیان لە یانەی لیڤەرپوڵ خستووەتە ژێر گومانەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، پێگەی وەن فوتبۆڵ راپۆرتێكی لەسەر پلانەكانی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی بڵاوكردووەتەوە كە باس لە ئەگەری رۆیشتنی محەمەد سەڵاح و شوێنگرەوەكانی دەكات.
پێگەكە ئاماژەی بەوەداوە، بەرپرسانی لیڤەرپوڵ لەم ساتەدا سێ یاریزانیان دیاریكردووە تا گرێبەست لەگەڵ یەكێكیان ئیمزابكەن و بیكەنە شوێنگرەوەی ئەستێرە میسڕیەكە لە ئەگەری رۆیشتنیدا.
دەشڵێت، رۆدریگۆی هێرشبەری بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید بژاردەی یەكەمی بەردەم یانە ئینگلیزیەكە چونكە تەمەنێكی كەمی هەیە و تواناكەی هێندە زۆرە كە هاوشێوەی سەركردە دەبینرێت لە یاریگادا.
بژاردەی دووەمیش عوسمان دیمبلی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانە چونكە بە یەكێك لە یاریزانە تەكنیكییەكان دەیبینن لە جیهانی ئێستای تۆپی پێدا.
بژاردەی كۆتاییش برایان مبێمۆی ئەستێرەی ئەم وەرزەی یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزیە كە لەم وەرزەی پریمەر لیگدا بە باشترین ئاستەوە دەركەوتووە و بووەتە ئامانجی چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپا بەڵام كارگێڕی لیڤەرپوڵ تا ئێستا ئۆفەری فەرمی پێشكەشی هیچیان نەكردووە و چاوەڕێی دوایین هەڵوێستی محەمەد سەڵاح دەكەن كە داهاتووی یەكلابكاتەوە.