رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی رایگەیاند، جیاوازی لە بیرۆكەی هەموو راهێنەرێكدا هەیە چونكە هەریەكەیان بە شێوازێكی جیاواز پلان دادەنێن.

لیڤاندۆڤسكی وتی: چاڤی هێرناندێز هاوشێوەی پیپ گواردیۆلا گرنگی بە سەرجەم وردەكارییەكان نادات، یاریزانەكان باشتر لە پلانی راهێنەر تێدەگەن ئەگەر ئەو راهێنەرە پێشتر یاریزانێكی نایاب بوبێت.

وتیشی: گواردیۆلا لەو جۆرە راهێنەرانەیە كە گرنگیەكی زۆر بە لایەنەكانی راهێنان دەدات، ئەو فێری كردم كە چۆن جەستەم جێگیر بكەم بۆ ئەوەی بە پێیەكانی راست و چەپ یاری بكەم.

دەشڵێت، گواردیۆلا ئەوەی فێری كردم كە چۆن بە پێی چەپ یاری بكەم چونكە لەو كاتەدا بینینم لە یاریگادا زیاتر دەبێت و ئەگەر تەنیا پشتم بە پێی راست ببەستایە ئەوا بینینم لە یاریگادا سنوردار دەبوو بەڵام ئەو فێری گۆڵ تۆماركردنی نەكردم چونكە من باشترم لە گواردیۆلا لەو رووەوە.

سەبارەت بە داهاتووی و چوون بۆ خولی ئەمریكا، لیڤاندۆڤسكی دوپاتیكردەوە كە ئەگەرێكی كراوە دەبێت و ماوەی چەند ساڵێكیشە چەند جارێك ناوی ئەو بەو خولەوە بەستراوە بەڵام لە بەرشەلۆنە هەست بە دڵخۆشی دەكات و گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیەدا هەیە.