
نا روونییەك لە داهاتووی لۆكا مۆدریچی ئەستێرەی كرواتیی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریددا هەیە، كە هێشتا دیارنییە لە مەدردی دەمێنێتەوە یان دەڕواتە سعودیە.
تاوەكو ئێستا یانەی ریال مەدرید بەفەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی رانەگەیاندووە.
بەگوێرەی میدیاكانی ئیسپانیا، نوێنەرانی مۆدریچ دەیانەوێت ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا ریزەكانی ریال مەدرید جێبهێڵێت، ئەمەش دوای ئەوەی یانە شاهانەكە رەتیكردەوە نرخی ئەو دەستەوارەیە زیادبكات كە سەبارەت بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی پێشكێشیكردووە.
دەستەوارەی نوێكردنەوەكە بۆ یەك وەرز درێژدەبێتەوە، لە بەرامبەردا 10 ملیۆن یۆرۆ وەك مووچە وەردەگرێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هاوژینەكەی مۆدریچە كە رەزامەندی لەسەر دەستەوارەی سعودیە نەداوە و بابەتەكەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە هەندێك سەرچاوەی نزیك لە یانەی شاهانە، دەڵێن ئەستێرە كرواتییەكە نزیكە لە مانەوە لەگەڵ ریال مەدرید، بەتایبەتی دوای ئەوەی كارگێڕیی یانەكە داوای لێكردووە لانیكەم تاوەكو كردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ لە مانگی كانوونی دووەمدا بمێنێتەوە.
هەندێك سەرچاوەی دیكەش ئاماژە بەوە دەكەن، كە ریال مەدرید ئەگەری هەیە بەشێوەیەكی ناچاوەڕواننەكراو لە مێركاتۆی زستانەی داهاتوودا، رێگە بە مۆدریچ بدات ئەگەر بیەوێت بڕوات.