
یانەی ئیتیحادی سعودی تاوەكو ئێستا راهێنەری داهاتووی یانەكەی یەكلانەكردووەتەوە و چەند راهێنەرێك بۆ وەرگرتنی، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەكە بەربژێرن.
بەپێی دوایین زانیارییەكان، یانە سعودییەكە دەستەوارەیەكی فەرمی پێشكێشی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و یانەی رۆما دەكات، بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرێت، سپێشەڵ وەن هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستەوارەی یانە سعودییەكە دەكات.
هەنگاوەكانی ئیتیحاد بۆ رازیكردنی مۆرینیۆ لە كاتێكدان، راهێنەرەكە پێشتر ویستی خۆی بۆ كاركردن لە سعودیە پێشانداوە و رایگەیاندبوو، رۆژێك لە رۆژان لە سعودیە دەیبنن، بەڵام وادەكەی بەتەواوی دیارنییە.
لە ئەگەری رازینەبوونی، مۆرینیۆ بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی تیپەكەی كەریم بنزیما، كارگێڕیی ئیتیحاد دوو بژاردەی دیكەی لەبەردەمە، یەكێكیان مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەری بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی ریڤەرپلەیتە و ئەوەی دیكەشیان جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری ئیسپانی و پێشووی یانەكانی سێڤییا و ولڤەرهامپتۆنە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، گایاردۆ نزیكە لەوەی راهێنەرایەتیی ئیتیحاد پەسەندبكات، لوپیتیگێ بەهەمان شێوە بژاردەیەكی كراوەیە لەبەردەم یانەكە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەن.
یانەی ئیتیحادی سعودی، دوای ئەوەی یاریی گەڕی چوارەمی قۆناخی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی ئاسیای لە هەولێر بەرامبەر یانەی قوە جەوییە دۆڕاند، نونۆ سانتۆ، راهێنەری یانەكەی لە كارەكەی دوورخستەوە و تاوەكو ئێستا دیارنییە كێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودیە.