
خۆسێ مۆرینیۆی راهێنەری فەنارباخچەی توركی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی كۆریێر دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئەو بڕیارانەی ئاشكرا كرد كە لێیان پەشیمانە لە ژیانی راهێنەرایەتیدا.
مۆرینیۆ وتی: پەشیمانم لە زۆر بڕیار لە تۆپی پێدا، دیارترینیان ئەو كاتە بوو كە بە فلۆرێنتینۆ پێرێزم وت نەخێر، كاتێك داوای لێكردم ریاڵ مەدرید جێنەهێڵم و لە یانەكە بمێنمەوە.
راهێنەرە پورتوگالیەكە ئاماژەی بەوەشكرد، پێرێز پێی راگەیاندووە كە لەو ساتەدا ریاڵ مەدرید جێنەهێڵێت چونكە بەشە سەختەكەی تێپەڕاندووە و دوای ئەوە بەشە باشەكە دەستپێدەكات.
دوپاتیشیكردەوە، دەیزانی قسەكەی پێرێز راستە، بەڵام ویستی بگەڕێتەوە بۆ یانەی چێڵسی دوای سێ ساڵ لە ئاستەنگە گەورەكان لە ئیسپانیا.
دەشڵێت: پەشیمان بوومەوە كە دەستبەجێ دوای یاری كۆتایی یۆرۆپالیگ لەگەڵ ڕۆما بەرامبەر سیڤییە نەڕۆیشتم، دوای رۆیشتنیشم لە رۆما سەیری یارییەكانی ئەو یانەیە ناكەم بەڵام تا ئێستاش سەیری یارییەكانی ئینتەر دەكەم.