لیۆنێل مێسی بۆ سێیەم یاریی لەسەریەك بەدرێسی یانەی ئینتەرمەیامییەوە گۆڵی تۆماركرد و یانەكەی گەیاندە قۆناخی شازدەی جامی خول، دوای ئەوەی سەركەوتنیان بەرامبەر یانەی ئۆرلاندۆ سیتی بەدەستهێنا.

 لەگەڵ دەستپێكردنی یارییەكە، ئینتەرمەیامی دەستی بە هێرشكردن كرد، لە خولەكی 6 لیۆنێل مێسی گۆڵێكی سەرنجڕاكێشی تۆماركرد و یانەكەی پێشخست، ئەمە چوارەم گۆڵی ئەستێرە ئەرجەنتییەكە بوو بە درێسی ئینتەرمەیامییەوە.

 دوای 10 خولەك لەو گۆڵە، یانەی ئۆرلاندۆ سیتی لە رێگەی سێزار ئاراوخۆوە ئەنجامەكەی یەكسانكردەوە.

 دوای ئەوە مێسی و هاوڕێكانی هەوڵی زۆریاندا هەر لە نیوەی یەكەمدا گۆڵی دیكە بكەن، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجامبوو و نیوەی یەكەم بەیەكسانبوون كۆتاییهات.

 لەگەڵ دەستپێكردنی نیوەی دووەم لێدانێكی سزا بۆ ئینتەرمەیامی هەژماركرا، خۆسێ مارتینێز، لێدانەكەی بەسەركەوتوویی جێبەجێكرد و خاوەن یاریگەی كردە خاوەنی دوو گۆڵ.

 لە خولەكی 72 لیۆنێل مێسی دووەم گۆڵی خۆی و سێیەمی ئینتەرمەیامیی تۆماركرد و ژمارەی گۆڵەكانی لە دوای سێ یاریی بەدرێسی یانەكەوە بۆ 5 گۆڵ بەرزكردەوە.

 یارییەكە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندیی ئینتەرمەیامی كۆتاییهات، تیپەكەی مێسی گەیشتە قۆناخی 16ـی جامی خول، لیۆ بەباشترین یاریزانی یارییەكە دەستنیشانكرا و لە قۆناخی داهاتوودا بەرەبەیانی رۆژی 6ـی مانگ رووبەڕووی یانەی دالاس دەبنەوە.