
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی ئینتەر میامی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەپڵ میوزیك وتی: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات كاروانی وەرزشیم ئەوەندە درێژبێت، بەڵام شتەكان بە رێكەوت روونادەن.
دوپاتیشیكردەوە، هاتنی بۆ خولی ئەمریكا بە بڕیاری خۆی بووە و بیری لێ كردووەتەوە، ئینتەر میامی هەڵبژاردووە چونكە یانەیەكی تازە و گەشەسەندوو بووە، ئەویش دەیەوێت ئەو یانەیە و خولەكە زیاتر گەشە بكات.
وتیشی: لە تەمەنی 12 ساڵی چوومە بەرشەلۆنە، هەمان ئەو تەمەنەیە كە تیاگۆی كوڕم هەیەتی، بیرمە كە گۆڕانكارییەكان چەندە قورس بوون، بەڵام ئەوە خەونی من بوو، ئامادەبووم هەموو شتێك بكەم لەو پێناوەدا بە یارمەتی خێزانەكەم.
دەشڵێت: سەرەتا وەك یاریزانی باڵ دەستم بە یاریكردن كرد، دواتر هاتمە قوڵایی یاریگا و ئەو پێگەیەم هەبووە كە بە ئازادی بسوڕێمەوە لە یاریگدا، بەڵام هەمیشە ویستوومە بۆشایی بۆ خۆم و هاوڕێكانم بدۆزمەوە و هاوكاری تیپەكەم بكەم بە ئەسیست یان گۆڵ.
جەختیشیكردەوە، سوپاسی خوا دەكات بۆ ئەو شتانەی پێی بەخشیوە چونكە داوای ئەوەندەی نەكردووە، هەموو شتێكی بردووەتەوە لەگەڵ هەڵبژاردە و یانەكانی لە تۆپی پێدا، دەیەوێت لەگەڵ ئینتەر میامیش نازناوی دیكە بباتەوە.
مێسی ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا هەستێكی زۆر باشی هەیە، چێژ لە هەموو شتێك وەردەگرێت،یانەكە، مەشقەكان، یارییەكان، هاوڕێیان و خێزانەكەی، كاتێك گەنجتر بوو قەدری هەندێك لە وردەكارییە بچووكەكانینەدەزانی، بەڵام ئێستا چێژیان لێ وەردەگرێت.