یانەی ریال مەدرید لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بەدەست پێكانی هەندێك یاریزانیەوە دەیناڵاند بەڵام لە ئێستادا كێشەكانی زیادیكردووە بەهۆی تووشبونی چەند یاریزانێكی تر بە پێكان.

لە دوای وەستانی یاری یانەكان و ئامادەكاری هەڵبژاردەكان بۆ یاریە نیودەوڵەتییەكان بەتایبەت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چوار یاریزانی تری یانەی شاهانە تووشی پێكانبوون.

ئەو یاریزانانەی لەم چەند رۆژەدا تووشی پێكانبوون بریتین لە چوامینی و ئیدێر میلیتاو و فێرلان مێندی و دانی سیبایۆس ئەوەش بووەتە گورزێكی تر بۆ یانە ئیسپانیەكە.

رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، چ كارەساتێك لەبەردەم ماڵی یانە ئیسپانیەكەدا هەیە لە كاتێكدا ئێستا هەشت یاریزانی ئەو یانەیە پێكانیان هەیە و جگە لەو چوار یاریزانە پێشتر شەش یاریزانی تریش تووشی پێكانبوون ئەوانیش بێلینگهام و كاماڤینگا و ئالابا و خوان مارتینێز بوون، ئەوەش كێشەی بۆ كارلۆ ئەنچیلۆتی دروستكردووە بەهۆی ئەوەی دوای یاری هەڵبژاردەكان ئەركی یانەكەی قورستر دەبێت بە دەستپێكردنی چامپیۆنزلیگ.