تۆڕی دیڤینسا سێنترالی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، ئیمانیۆل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بڕیاریداوە دەستوەربداتە كێشەكانی نێوان كیلیان مباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان.

تۆڕەكە ئاماژەی بەوەداوە، ماكرۆن دەیەوێت بارودۆخی ئەو یانەیە هێور بكاتەوە و بەهیچ شێوەیەكیش رێگا نادات بەرپرسانی پاریس سان جێرمان سزای مباپێ بدەن بەوەی كە لەسەر كورسی یەدەگ دایبنێن ئەگەر یاریزانەكە لەو یانەیە مایەوە لە وەرزی داهاتوودا.

دەشڵێت، ماكرۆن پاڵپشتی تەواوی مباپێ دەكات ئەگەر وەرزی داهاتوو لە پاریس بەردەوام بوو، بەردەوامیش لە ژێر چاودێری خۆیدا دایدەنێت.

لەلایەكی ترەوە رادیۆی مۆنتی كارلۆ رایگەیاندوە، كەش و هەواوی ناو یانەی پاریس سان جێرمان باش نییە و سەرجەم یاریزانەكان لەدۆخێكی دڵەڕاوكێدان بەتایبەت دوای ئەوەی كە ناسر خلێفی بڕیاری دوورخستنەوەی مباپێی لە گەیشتی یانەكەیان داوە.