
لە ركابەرییەكانی گەڕی 36ـی خولی یانەكانی ئینگلتەرا، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی گۆدیسۆن پارك بووە میوانی یانەی ئێڤێرتۆن و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی لێبردەوە، بەمەش برینەكانی یانەی تۆڤێزی قووڵتركردەوە و لە ناوچەی مەترسیدار هێشتییەوە.
لە خولەكی 37ـدا ئێلكای گۆندوگان بە شێوازێكی زۆر جوان گۆڵی یەكەمی یانەی مان سیتی تۆماركرد، دوای 2 خولەك لەو گۆڵە، ئەمجارە نۆرەی ئێرلینگ هالاند هات و دوای بەرزبوونەوەیەكی نایاب، گۆڵی دووەمی مانچێستەر سیتی بە لێدانی سەر تۆماركرد.
لە نیوەی دووەمی یارییەكەدا مان سیتی بەردەوام بوو لە پێشڕەویكردن و لە خولەكی 51ـدا ئێلكای گۆندوگان بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی سێیەمی یانە مانچێستەرییەكەی هێنا و ئەنجامەكەی مسۆگەركرد.
هەر لەم گێمەدا و بۆ پاراستنیان، گواردیۆلا هەریەكە رۆبن دیاز، رۆدری، هالاند و گۆندوگانی دانیشاند و پشووی پێدان بۆ یاریی داهاتوویان لە رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بە یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشكۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
مان سیتی هەنگاوێكی گرنگی بەرەو نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا هاویشت، دوای ئەوەی جیاوازیی خاڵەكانی لەگەڵ ئارسیناڵی دووەمدا كردە 7 خاڵ و بە 85 خاڵ لە پلەی یەكەم دێت.