ئینزۆ مارێسكای راهێنەری یانەی چێڵسی دوای بردنەوەیان لە بەنفیكا و گەیشتنیان بە قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی جیهانی یانەكان رایگەیاند، هەست بە شانازیەكی زۆر دەكات بە یاریزانەكانیەوە.

مارێسكا وتی، پێش لێدانی سزاكە هیچ هەڵەیەك نەبوو لەسەر دی ماریا بەڵام هەندێك جار پێویستە هیچ شتێك نەڵێیت لەسەر بڕیاری ناوبژیوانن ئەوەش لە بەرژەوەندی خۆتە.

وتیشی، ئێمە بۆ ماوەی 85 خولەك زاڵ بووین بەسەر یارییەكەدا، بەڵام وەستاندنی و دووبارە دەستپێكردنەوەی هەموو شتێك گۆڕا و كێشەی بۆ دروستكردین و دواتر بە باشی گەڕاینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، وەستاندنی یارییەك بۆ ماوەی دوو كاتژمێر شتێكی تایبەت نییە بۆ تۆپی پێ، زەحمەتە ئەوە قبوڵ بكەین چونكە دوو هەفتەیە لە ئەمریكان چەندین یارییان بینیوە وەستاوە ئەوەش كەموكوڕی پاڵەوانێتییەكە پیشاندەدات.

دەشڵێت، ئامانجمان ئەوە بوو كە ئاستی یاریزانەكان لە باشترین بارودۆخدا بهێڵینەوە، لە كۆتاییدا سەركەوتوو بووین لە گەیشتن بە قۆناغی چارەكی كۆتایی كە ئەوەش دڵخۆشی كردین.