
رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویكردووەتەوە، پێشهاتی نوێ سەبارەت بە داهاتووی كیلیان مباپێی فەرەنسی هەیە بە ئەگەری مانەوە لە پاریس سان جێرمان یان چوونی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید.
لاگازێتا ئاشكرایكردووە، كیلیان مباپێی ئەستێرەی پاریس سان جێرمان جارێكیتر دەرگای بەڕووی یانەی ریاڵ مەدریددا كردووەتەوە كە پەیوەندیان پێوە بكات لە هاوینی ئەمساڵدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، مباپێ قسەی لەگەڵ فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی ریاڵ مەدرید كردووە و ئاگاداری كردووەتەوە كە ئامادەیە فشار بخاتە سەر ناسر خلێفی سەرۆكی پاریس سان جێرمان تا لە هاوینی ئەمساڵدا رێگەی پێبدات پاریس جێبهێڵێت و بچێتە یانەی ریاڵ مەدرید.
راشیگەیاندوە، وەڵامی پێرێز ئەوە بووە ئەگەر مباپێ ئەو كارە ئەنجامبدات ئەوا دەستبەجێ گرێبەستی پێشكەش دەكات بەڵام بەمەرجێك رەزامەندی سەرۆكی پاریس سان جێرمان بەدەستبهێنێت.
لاگازێتا رونیكردووەتەوە، پێرێزی سەرۆكی ریاڵ مەدرید دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو چەند گرێبەستێكی گەورە ئەنجامبدات بەهۆی كردنەوەی یاریگای نوێی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لەو وەرزەدا.
دەشڵێت، مباپێ هەست بە بێزاریەكی زۆر دەكات لە پرۆژەی داهاتووی پاریس سان جێرمان و ئەنجامە خراپەكانیشیان لەم وەرزەدا زیاتر نیگەرانی كردووە ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی پەشیمان بێت لە مانەوە لە یانە فەرەنسیەكە.