مباپێ لە چەند هەفتەی رابردوودا خولەكەكانی یاریكردنی لەگەل پاریس كەمیكردووە، هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوە دەچن گرێبەستەكە لەگەڵ یانەكە نوێناكاتەوە و پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە دەكات، بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانیش، ئەگەر مباپێ بەم شێوەیە یاریپێبكرێت ئەوا مەترسی لەدەستدانی گۆڵكاری خولی فەرەنسی و خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی لەسەرە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەری لەدەستدانی خەڵاتی گۆڵكاری خولی فەرەنسا قورسە، چونكە مباپێ بە حەوت گۆڵ لە پێش ڕكابەرە نزیكەكانیەوەیە، بەڵام ئەو دۆخە درەوشاوەییەی كە جۆناسان دەیڤد، ئەستێرەی یانەی لیل لەم دواییانەدا تێیدایە ئەگەری هەیە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەستێرەكەی پاریس.

لەسەر ئاستی پێڵاوی زێڕینیش، بردنەوەی خەڵاتەكە لەلایەن مباپێوە قورسە، یاریزانەكە خاوەنی 21 گۆڵە لە پلەی چوارەم دێت، گویراسی هێرشبەری شتوگارت لە پلەی سێیەم دێت كە هەمان ژمارەی گۆڵی هەیە بەڵام خولەكی یاریكردنی لە مباپێ كەمترە، لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئینتەر میلانیش لەم وەرزەدا 23 گۆڵی تۆماركردووە لە پلەی دووەمدا، بەڵام هاری كەین بە جیاوازیەكی زۆر لە پێش ركابەرەكانی ترەوەیە كە توانیویەتی لە خولی ئەڵمانیا 30 گۆڵ تۆماربكات.