
مباپێ دووپاتیكردەوە داوای ڕۆیشتنی لە پاریس نەكردووە و زۆر شتیش لە ڕۆناڵدۆ و میسییەوە فێربووە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی كیلیان مباپێی هێرشبەری پاریس سان جێرمان ئاماژەی بەوەكرد، داوای ڕۆیشتنی لە پاریس نەكردووە و پەیوەندیش بە ڕیاڵ مەدریدەوە ناكات.
مباپێ دەڵێت "من تەنیا بە یانەكەمم وت گرێبەستەكەم نوێناكەمەوە و هەرگیزیش گفتوگۆمان لەسەر نوێكردنەوەی نەكردووە، بەڵام دڵخۆشیشم بە بەردەوامبوونم لێرە بۆ وەرزی داهاتوو".
مباپێ باس لەوەشدەكات، دەیەوێت بردنەوە بەدەستبهێنێت، بەڵام لە پاریسدا هەندێك كەموكوڕی هەیە و خۆشیان دەزانن، ئەمەش زوو یان درەنگ بە پارەدان كۆتایی دێت، بۆ ئەوەی هەموو وەرزێك لە هەڵەكانیاوە فێربن و هەموو جارێك هەمان هەڵە دووبارە نەكەنەوە.
مباپێ پێیوایە ڕۆیشتنی یاریزانێكی وەك میسی لە یانەكەیان هەواڵێكی باش نییە و تێناگات بۆ چی زۆربەی كەسەكان بە ڕۆیشتنی ئاسودەبوون، كە ئێستا قسە لەسەر باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەكەن.
مباپێ دەشڵێت "هەلی ئەوەم بۆ درووسبوو بەرامبەر ڕۆناڵدۆ و لە تەنیشت میسی یاری بكەم، ئەوان بەڕاستی تایبەتبوون، زۆر شتیان لێوە فێربووم، بەتایبەت لە میسی لەم دوو وەرزەی ڕابردوودا، مێژووی تۆپی پێیان نوسیەوە و بە نەمری تێیدا دەمێننەوە".
مباپێ لە بارەی ڕەگەزپەرستی ناو یاریگاكانەوە پێیوایە پێویستە هەموو یاریزانەكان یاریگا بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی تێبگەن توانای گۆڕینی شتەكانیان هەیە و دەڵێت "ئەگەر یاریگا بەجێبهێڵین ئەوا بارودۆخەكە مەترسیداردەبێت، كە پێشتر لەگەڵ پاریس ئەوەمان كرد و دواتر یارییەكە دووبارە كرایەوە".