لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ڕۆژنامەی زە ​​ئەتلەتیکی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە، مباپێ لە ئێستاوە ئەو مەرجانە دەزانێت کە ڕیال مەدرید پێشکەشی دەکات و ئۆفەرە نوێیەی یانەی ڕیاڵ مەدرید کەمترە لەو ئۆفەرەی پێشوو کە لە ساڵی 2022 پێشکەشی مباپێ کرابوو.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان، ئۆفەرە کۆنەکەی مباپێ بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ بووە وەکو پاداشتی گرێبەستکردن، ئەمە جگە لەوەی مووچەی ساڵانەی 26 ملیۆن یۆرۆ دەدرا بە یاریزانەکە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، یانەی ڕیال مەدرید هەموو هەوڵێک دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە، بەو پێیەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو یاریزانە کردووە، ئەمەش شتێکی نائاساییە بۆ سەرۆکەکەی مێرێنگی.

هەر بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی زە ئەتلەتیک، ڕیال مەدرید تا ناوەڕاستی مانگی یەک وادەی بۆ مباپێ داناوە و یاریزانەکەش دەیەوێت کاتێکی هەبێت بۆ بیرکردنەوە لە بڕیاری کۆتایی، کە ڕەنگە پێش دەستپێکردنەوەی چامپیۆنزلیگ بێت، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا.