
یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لیستی یاریزانانی یانەكەی بۆ گەشتەكەی ژاپۆن بڵاوكردەوە كە ئامادەكاری دەكەن بۆ وەرزی نوێ و لە بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراودا كیلیان مباپێی ئەستێرەی ئەو یانەیە لە لیستەكە دوورخرایەوە.
رۆژنامەی لیكیپ هۆكاری دوورخستنەوەی مباپێی لەو لیستە ئاشكراكرد و دەڵێت، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرپرسانی یانەی فەرەنسیەكە بۆیان دەركەوتووە كە ئەو یاریزانە رێككەوتنی لەگەڵ یانری ریاڵ مەدرید كردووە كە لە هاوینی 2024 پەیوەندیان پێوە بكات بەوەش متمانەی خۆی لەدەستداوە.
فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستاوە مباپێ بۆ فرۆشتنە و لەلایەن یانەكەیەوە كراوەتە لیستی فرۆشتنەوە.
ئاشكراشیكردووە، بەرپرسانی پاریس گرنگی بە سەرجەم ئەو گرێبەستانە دەدەن كە پێشكەشیان دەكرێت و كامیان گەورەتر بێت پێی رازیدەبن بەڵام دەبێت مباپێش رازیبكەن چونكە ناتوانن ناچاری بكەن كە بچێتە هەر یانەیەك و یاریزانەكەش تەنیا ئامانجی ئەوەیە بچێتە ریاڵ مەدرید.
رۆژنامەی زە ئەتلەتیكیش بڵاویكردووەتەوە، كارگێڕی پاریس سان جێرمان ئامادەن دەستبەرداری مباپێ ببن و نرخەكەیان لە نێوان 150 بۆ 200 ملیۆن یۆرۆ دیاریكردووە لە هاوینەی ئەمساڵدا.