پاش ئەوەی كیلیان مباپێ بە هاندەرانی ریاڵ مەدرید ناسێنرا بەشداری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد و تێیدا چەندین پرسی وروژاند و باسی لە چەندین بابەتی جیاواز كرد.

مباپێ سەبارەت بە گرێبەستەكە رایگەیاند، شانازی دەكات لە ئێستادا یاریزانی ریاڵ مەدریدە، لە منداڵیەوە خەونی ئەوەی هەبوو ببێتە یاریزانی مێرەنگی و بەڵێنی دابوو جێبەجێی بكات، لە ئێستادا خەونەكەی هاتووەتە دی.

باسی لەوەشكرد، هەست بە هیچ فشارێك ناكات و لەگەڵ داواكارییەكانی راهێنەر خۆی دەگونجێنێت و لە هەر پێگەیەك بێت یاری دەكات بەبێ كێشە، قسەشی لەگەڵ ئەنچیلۆتی كردووە و بە پەرۆشیشە بۆ یاریكردن لەگەڵ یاریزانەكانی یانەكە.

مباپێ ئاماژەی بەوەدا ریاڵ مەدرید باشترین یانەی جیهان و كریستیانۆ رۆناڵدۆش نموونەی باڵایەتی، وە قسەی لەگەڵ پینتۆسیش كردووە تا بەرنامەیەكی دووردرێژ داڕێژن وەك ئامادەكاری بۆ وەرزی داهاتوو، نەهاتنیشی بۆ یانەكە لە ساڵی 2022 بە رابردوو باسكرد.

سەبارەت بە رۆناڵدۆش وتی: من و كریستیانۆ هاوڕێین و ئەو هەمیشە نمونەی باڵای من بووە، وەك هاوڕێیەك ئامۆژگاری كردووم و بەردەوام پەیوەندیمان هەیە، ئەوەی لە یۆرۆ بۆ یاریزانەكە روویدا هیچ لە ئەفسانەبوونی كریستیانۆ كەم ناكاتەوە.

مباپێ دوپاتیشیكردەوە خۆی فێری زمانی ئیسپانی كردووە چونكە هەمیشە دەیزانی پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە دەكات، وە ژمارەكانیشی بەلاوە گرنگ نییە و تەنیا دەیەوێت لەگەڵ ریاڵ مەدرید بێت، هیچكاتێكیش داوای ژمارە 10ی نەكردووە كە ژمارەی مۆدریجە.