ڕۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی ئاشكرای كرد كە ، مباپێ ناچار بووە شاندی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەجێبهێڵێت، بەهۆی حاڵەتێكی لەناكاوەوە، پێش یارییەكەیان لەگەڵ هۆڵەندا.

ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەستێرە فەرەنسیەكە گەراوەتەوە شارەكەی خۆی ، دوای جێهێشتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا ، بە مەبەستی پێشكەشكردنی سەرەخۆشی بەبۆنەی كۆچی دوایی ئەندامێكی خێزانەكەی.

ڕۆژنامە فەرەنسیەكە دووپاتی كردەوە كە یاریزانەكەی پاریس سانجێرمان جارێكی دیكە پەیوەندی بە هەڵبژاردەكەی دەكاتەوە، هەروەها ئامادە دەبێت لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی فەرەنسا گەشت بكات بۆ هۆڵەندا، بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەو یارییەی كە وا بڕیارە رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت.

رۆژنامەكە روونیشیكردەوە بڕیاربوو مباپێ لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا بۆ یارییەكەی فەرەنسا و هۆڵەندا ئامادەبێت، كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام پاش ئەو رووداوە بۆتە جێی گومان ئەو یاریزانە لە میانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئامادە دەبێت یان نا .

ڕۆژی هەینی لە یاریگای یۆهان كرۆیف ئارێنا یاری نێوان هۆڵەندا و فەرەنسا لە پاڵاوتنەكانی یۆرۆی 2024 بەرێوەدەچێت.