لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام باس لە ئەگەری چوونی محەمەد سەڵاحی میسڕی و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی كراوە بۆ خولی سعودیە بەتایبەت بۆ یانەی ئیتیحاد.

لە نوێترین هەواڵدا، رۆژنامەی ریازیەی سعودی بڵاویكردووەتەوە، محەمەد سەڵاح بە گرێبەستێكی گەورە و گرانبەها پەیوەندی بە یەكێك لە یانەكانی خولی سعودیەوە دەكات.

ئەو رۆژنامەیە دوپاتیكردووەتەوە، ئەو گرێبەستەی پێشكەشی ئەستێرە میسڕیەكە كراوە زۆر گەورەترە لەو گرێبەستەی كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ ئیمزای كردووە.

رونیشیكردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەك محەمەد سەڵاح توانای رەتكردنەوەی ئۆفەرە نوێیەكەی سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە نابێت و ئەمجارە رازی دەبێت بەوەی كە یانەی لیڤەرپوڵ جێبهێڵێت.

دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە ئەو یاریزانە بێهیوا بووە لە بەرپرسانی یانەكەی بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی ئەوەی كردووە كە ئۆفەرێكی پێشكەش بكەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی بەڵام تا ئێستا بێدەنگن و هەوڵی هێشتنەوەی ئەو یاریزانەیان نەداوە.